دادستانی گشتی و شۆڕشگێڕی دوورگەی کیش ڕایگەیاند کە دۆسیەیەکی یاسایی لە دژی هەموو ئەو بەرپرسە حکومی و تایبەتانەی کە بەشدارن لە بەڕێوەبردنی شەشەمین ماراسۆنی کیش بەهۆی "پێشێلکردنی ڕێساکان و پشتگوێخستنی ئاگادارییە یاساییەکان" تۆمارکراوە. بە گوتەی ئەو، شێوازی بەڕێوەچوونی پێشبڕکێکە "بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕەوشتی گشتی بخرێتە ژێر مەترسییەوە"، هەروەها ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران "پتەو و بێ نەرمی" دەبێت، و هەموو ئەو بەرپرسانە دەگرێتەوە کە بەشدارن لە ئەنجامدانی پێشبڕکێکە، لە کەرتی حکومەتەوە تا بریکارە تایبەتەکان.
بە گوتەی زەمانە، ئەم ماراسۆنە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 14ی کانونی یەکەم بە سێ ڕێگای 5 و 15 و 42 کیلۆمەتر و بە دوو گروپ بۆ ژن و پیاو بەڕێوەچوو. بەپێی وتەی بەرپرسانی گەشتیاری زیاتر لە 25 هەزار گەشتیار بۆ سەیرکردنی کیش چوونەتە ناو شاری کیشەوە. پێش چالاکییەکە، بەرپرسان مەزەندەیان کردبوو کە نزیکەی پێنج هەزار ڕاکەر بەشداری دەکەن. ژمارەی زۆری ژنە ڕاکەرەکان و وێنەی بڵاوکراوەی جلوبەرگی بەشێک لە بەشداربووان شەپۆلێکی ڕەخنەی لە میدیاکانی لایەنگری حکومەت و کەسایەتییە کۆنەپەرستەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە سەر بە سپای پاسدارانە، ڕێکخەرانی بە "پێشێلکردنی نۆرمەکان" و پشتگوێخستنی هۆشدارییەکانی پێشووی تۆمەتبار کرد. لە هەمان کاتدا سەرۆکی فیدراسیۆنی وەرزشی، ڕایگەیاند کە ناوچەی ئازادی کیش "هیچ هەماهەنگییەکی فەرمی" لەگەڵ فیدراسیۆنەکەدا نییە و لە چەند هەفتەکانی پێش پێشبڕکێکەدا هۆشداری جددی پشتگوێ خستووە. جەختی لەوە کردەوە: "ناوچەی ئازادی کیش بەرپرسیارە لە هەموو کاریگەرییە لاوەکییەکان."
هەروەها فیدراسیۆنی وەرزشی وەرزشی ڕایگەیاندووە، ڕێکخەران ڕەتیانکردووەتەوە هەماهەنگی بکەن و مۆڵەت لە فیدراسیۆنەکە وەربگرن "سەرەڕای هۆشداری دووبارە". ئیحسان حەدادی، سەرۆکی فیدراسیۆنەکە ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی کیش "هۆشدارییەکانیان بە جددی وەرنەگرتووە" و ئێستا دەبێت وەڵامی دەرئەنجامەکانی بدەنەوە.
ئەو چالاکییە وەرزشییە پێش ئەوەی بەڕێوەبچێت مشتومڕێکی زۆری لەسەر بوو. ڕۆژی 1ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، کەسی بەرپرسی ڕێکخستنی ماراسۆنی کیش بانگەشەی ئەوەی کرد کە هۆکاری دژایەتی فیدراسیۆنی وەرزشی بۆ ئەنجامدانی ئەو ماراسۆنە، کێشەی دارایی بووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیسنا، پەیام دیباج، بەڕێوەبەری ماراسۆنی کیش سەبارەت بە مۆڵەتی ئەنجامدانی ماراسۆنەکە ڕایگەیاند: "سەرجەم مۆڵەتە پێویستەکان لەلایەن ئەنجومەنی دابینکردن و ڕێکخراوی ناوچەی ئازادی کیش و جێگری وەرزشی کۆمپانیای بیناسازی و ئاو و خزمەتگوزارییەکانی کیشەوە دەرچووە، هەروەها کۆمیسیۆنی ئەمنی پەیوەندیداریش پێکهێنراوە، چالاکییەکەش لە چوارچێوەی یاساکاندا بەڕێوەدەچێت". هەموو ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان جگە لە فیدراسیۆنی وەرزشی، پشتگیریان کردین لە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە و هاوکارییەکی باشیان لەگەڵدا کردین.
دوای ئەو کەشوهەوایەی لە بەرامبەر بۆنەیەکی گشتیدا دروستبوو کە بە شێوەیەکی بەرفراوانیش پێشوازی لێکرا، هەندێک کەسایەتی ئایینی و چالاکانی بزووتنەوەی بناژۆخواز، بە بڵاوکردنەوەی پەیام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڕێوەچوونی ئەم پێشبڕکێیەیان بە "ناستاندارد" و "پێچەوانەی بەها ئایینییەکان" وەسف کردووە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیامیان بڵاوکردەوە و ڕەخنەیان لەوە گرتووە کە ناویان ناوە "کەمبوونەوەی حەیایەتی گشتی" و "بزووتنەوەی ڕووتی"
ئەم کاردانەوانە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، کە هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەو ڕێکخراوانەی "بەرەوپێشبردنی بێئەدەبی" ڕووبەڕووی کردەوەی توند دەبنەوە، هەروەها سەندیکا و ڕووداوەکانی "پێچەوانەی ستانداردەکان" بۆ ماوەیەکی زۆر مۆر دەکرێن یان هەڵدەوەشێنەوە. پێشتر عەلی خامنەیی ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی داوای لە میدیاکان کردبوو کە تیشک نەخەنە سەر "قسەی ڕۆژئاواییەکان سەبارەت بە جلوبەرگی ژنان".
ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕووداوەکانی ڕاکردن لە ئێران ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی ببنەوە. لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ئافرەتانی ڕاکەری پێشبڕکێی ١٠ کیلۆمەتری لە شاری شیراز، دۆسیەیەکی یاسایی لە دژی ڕێکخەران تۆمارکرا و سەرۆکی لیژنەی وەرزشی فارس ناچار بوو دەست لەکار بکێشێتەوە.
لەم پێشبڕکێیەدا کە لە دوو بەشی ماراسۆن و نیوە ماراسۆن بەڕێوەچوو، سەمیرە خودەتەرس تۆرگی بە ڕیکۆردی 1 کاتژمێر و 1 خولەک و 14 چرکە لە پێشبڕکێی 15 کیلۆمەتری ئافرەتان پاڵەوانێتیەکەی بەدەستهێنا، پاریسا عەرەب بە ڕیکۆردێکی 3 کاتژمێر و 12 خولەک و 11 چرکە لە پێشبڕکێی 42 کیلۆمەتری ئافرەتان پاڵەوانێتیەکەی بەدەستهێنا، لە پێشبڕکێی 15 کیلۆمەتری پیاوان محەممەد حسێن تەیبی بە 47 خولەک و 55 چرکە پلەیەکی پێوانەیی بەدەستهێنا، هەروەها ئەمیر حسێن کیڤانلووش بە 2 کاتژمێر و 27 خولەک و 59 چرکە لە پێشبڕکێی 42 کیلۆمەتری پیاوان پاڵەوانێتیەکەی بەدەستهێنا.
